وانەی 2 لە 67

وانەی ٢: DOCTYPE، lang، dir و charset

بۆچی دەبێت لاپەڕەیەکی کوردی بە وێبگەڕ بڵێت کە کوردییە؟ فایلی دەستپێک بکەرەوە. تێکستەکە کوردییە، بەڵام وێبگەڕ هێشتا نازانێت. سەیر بکە لە کام لاوە دەست پێدەکات.

ناوەڕۆکی ئەم وانەیە بەشی ١: DOCTYPE بەشی ٢: تایبەتمەندی(Attribute) lang بەشی ٣: تایبەتمەندی dir بەشی ٤: توخمی charset

بەشی ١: DOCTYPE

فایلی دەستپێک بکەرەوە. کار دەکات، بەڵام لاپەڕە ڕاستەقینەکان بە دێڕێکی زیاتر دەست پێدەکەن. لە یەکەم دێڕی فایلەکەدا ئەمە بنووسە:
<!DOCTYPE html>

<!DOCTYPE html> لە یەکەم دێڕ دەنووسرێت. ئەمە بە وێبگەڕ دەڵێت لاپەڕەکە بە HTML5 نووسراوە، کە نوێترین وەشانی HTMLە بەبێ ئەمە، هەندێک وێبگەڕ لەوانەیە لاپەڕەکە بە شێوەیەکی جیاواز پیشان بدەن.

هەڵەی باو: بەجێبهێڵیت (نەی نووسیت) ، یان شتێک لە سەرووی ئەوەوە دابنێیت.

بەشی ٢: تایبەتمەندی(Attribute) lang

ئێستا لەگەڵ شتێکی نوێ ئاشنا دەبین: تایبەتمەندی (Attribute). تایبەتمەندی زانیاری زیادە دەربارەی توخمێک(Element) دەدات. لەناو تاگی دەستپێکدا دادەنرێت، و بە ناو و بەهایەک دەنووسرێت کە بەهاکە لەنێوان دوو فاریزەدایە. لە وانەی ٦ بە تەواوی تایبەتمەندییەکان دەخوێنین.
<html lang="ckb">

تایبەتمەندی lang بە وێبگەڕ و گەڕۆکەکان (Search Engines) دەڵێت لاپەڕەکە بە چ زمانێک نووسراوە. "en" واتە ئینگلیزی، "ckb" واتە بە کوردی ناوەند، "ar" واتە بە عەرەبی. وە ئامێرەکان بۆ خوێندنەوەی ئاراستەی نوسین بەکاری دەهێنن، وەک کوردی لە ڕاستەوە بۆ چەپ و ئینگلیزی لە چەپەوە بۆ راست، و وێبگەڕەکان دەتوانن وەرگێڕان پێشکەش بکەن.

هەڵەی باو: بەجێبهێڵیتو نەینووسیت، یان کۆدێکی هەڵە بەکاربهێنیت.

بەشی ٣: تایبەتمەندی dir

تایبەتمەندی دووەم dirـە، کورتکراوەی ئاراستە (Direction). بە وێبگەڕ دەڵێت تێکست بەرەو کام لا بڕوات.

ئێستا سەیری لاپەڕەکە بکە. تێکستە کوردییەکە لە چەپەوە دەست پێدەکات، بەڵام کوردی لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسرێت. dir="rtl" بۆ تاگی <html> زیاد بکە.

<html lang="ckb" dir="rtl">

ئێستا لە ڕاستەوە دەست پێدەکات. rtl بگۆڕە بۆ ltr، نوێی بکەرەوە و پیشان بدە چۆن دەگەڕێتەوە بۆ لای چەپ. پاشان بیگەڕێنەرەوە بۆ rtl.

تێبینی: rtl  کورتکراوەی Right To Leftە واتە  ڕاستەوە بۆ چەپ، و ltr کورتکراوەی Left to Rightە واتە چەپەوە بۆ ڕاست. ئینگلیزی لە چەپەوە بۆ ڕاستە، کە بنەڕەتییە.

نموونە

html
<!DOCTYPE html>
<html lang="ckb" dir="rtl">
  <head>
    <title>چا</title>
  </head>
  <body>
    <h1>چا خۆشترین خواردنەوەیە</h1>
    <p>ئەمە یەکەم پەرەگرافمانە.</p>
  </body>
</html>
خۆت تاقی بکەرەوە ↗

ئەنجام

بەشی ٤: توخمی charset

دوا شت لەناو <head> زیاد دەکرێت:
<meta charset="UTF-8">

کۆمپیوتەر تێکست وەک ژمارە هەڵدەگرێت، و UTF-8 ئەو ستانداردەیە کە ئەو ژمارانە دەکات بە پیت. نزیکەی هەموو زمانەکان پشتگیری دەکات، لەوانە کوردی، عەرەبی و تورکی. بەبێ ئەمە، پیتە تایبەتەکان دەکرێت وەک هێمای سەیر دەربکەون.


<meta> ناوەڕۆک و تاگی کۆتایی نییە. charset تایبەتمەندییەکی ترە، وەک lang و dir.

هەڵەیەکی باو: بەجێبهێڵیت. هەندێک وێبگەڕ بەبێ ئەمەش ڕاستەکە دەزانن، بەڵام زانین بە گومان متمانەپێکراو نییە، بۆیە هەمیشە دایدەنێین.
پوختە
  • <!DOCTYPE html> لە یەکەم دێڕدایە و HTML5 ڕادەگەیەنێت.
  • lang زمانی لاپەڕەکە دیاری دەکات: en بۆ ئینگلیزی، ckb بۆ سۆرانی.
  • dir ئاراستەی تێکست دیاری دەکات: ltr (بنەڕەتی) یان rtl.
  • <meta charset="UTF-8"> لەناو <head>ـە و دڵنیا دەکاتەوە هەموو پیتەکان بە دروستی پیشان دەدرێن.
ڕاهێنان
هەرچوار شتەکە بۆ فایلی دەستپێک زیاد بکە. پاشان تێکستی سەردێڕەکە بگۆڕە بۆ ڕستەیەکی کوردیی تر، و دڵنیابەرەوە پیتەکان بە دروستی پیشان دەدرێن.

نموونە

html
<!DOCTYPE html>
<html lang="ckb" dir="rtl">
  <head>
    <meta charset="UTF-8">
    <title>چا</title>
  </head>
  <body>
    <h1>چا خۆشترین خواردنەوەیە</h1>
    <p>ئەمە یەکەم پەرەگرافمانە.</p>
  </body>
</html>
خۆت تاقی بکەرەوە ↗

ئەنجام

چوونەژوورەوە بۆ پاشەکەوتکردنی پێشکەوتنت لە فێربووندا.